تەقینەوەكەی بەیروت 30 كوژراو و سێ هەزار برینداری لێ كەوتەوە

بە پێی ئامارە سەرەتاییەكانی تەقینەوە گەورەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممەی بەیروت، تا ئێستا 30 كەس كوژراون و زیاتر لە سێ هەزار كەسیش بریندار بوون، لەناو كوژراوەكاندا سەرۆكی حزبێكی لوبنانی هەیە. تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز) دواهەمین ئاماری قوربانییەكانی تەقینەوەكەی ئەمڕۆی لوبنانی پایتەختی بەیروتی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەش داوە كە نزار نەجاریان ئەمینداری پارتی كەتائیبی لوبنانی لەناو كوژراوەكانی تەقینەوەكەدایە. تا ئێستا هۆكاری تەقینەوەكە، پێكهاتەی تەقینەوەكە و لایەنی ئەنجامدەر یان كەمتەرخەم ئاشكرا نەبووە، بەڵكو بەیروت بە گوتەی بەرپرسانی شارەكە و حكوومەتی لوبنانی، تووشی پشێوییەكی گەورە بووە و نەخۆشخانەكان توانای وەرگرتن و چارەسەركردنی بریندارەكانی تەقینەوە گەورەكەیان نەماوە. لە سەرەتای تەقینەوەكەدا ئاماژە بەوە كرابوو كە كۆگای یاری ئاگرین تەقیوەتەوە، بەڵام دواهەمین زانیاری ئاماژە بەوە دەكات كە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی تەقیوەتەوە، كە لە ساڵی 2014وە داكراوە و تا ئێستا حكوومەتی وڵاتەكە پێی نەزانیوە، پەنجەی تۆمەتیش بۆ حزبوڵا درێژ دەكرێ، كە كۆگاكە هی ئەوان بووە.