وەزیری تەندروستی: بە پاڵپشتیی هاووڵاتیان ڕێژەی تووشبوان بە کۆرۆنا کەمتر دەبێت

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکا. د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 2020.8.4 لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) پەیامێکی ئاڕاستەی هاووڵاتییان کرد و ڕای گەیاند: “بە پاڵپشتی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە ڕێنماییەکان، دەتوانین ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەم بکەینەوە، هاووڵاتییانی بەڕێز ئەگەر زۆر پێویست نەبوو، لە ماڵ دەرمەچن و لە ماڵەکانتان بمێنەوە”. وەزیری تەندروستی چەند داوایەک لە هاووڵاتییان دەکات و دەڵێت: “داپۆشینی دەم و لووت بە ماسک و دوورکەوتنەوە لە کەسی بەرامبەرت دەتپارێزێت لە تووشبوون بە کۆڕۆنا، بۆیە ماسک بپۆشن لە کاتی چوونە دەرەوە و زۆریش لە خەڵک نزیک مەبن”. وەزیری تەندروستی هۆشداری دەدات و جەخت دەکاتەوە: “ئێستا هەموو کەسێک بە گومانلێکراوی هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنا دادەنرێت، چونکە گواستنەوەی ڤایرۆس لەنێو کۆمەڵگە زۆر بووە، بۆیە دەبێ  هاووڵاتییان خۆیان لە بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی بە دوور بگرن”.