خورماتوو… دوو بەرپرسی حەشدی شەعبی دەستگیر كران

ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری خورماتوو دوو گەورە بازرگانی مادە هۆشبەرەكان دەستگیر كران، كە بەرپرسن لە ناو میلیشیاكانی عەسایبی ئەهلی حەقی سەر بە حەشدی شەعبی. خالید محەمەد ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی خورماتوو (باسنیوز)ی ڕاگەیاند “ئەمڕۆ چوارشەممە دوو گەورە بازرگانی مادەی هۆشبەر كە خەڵكی خورماتوون، لە شارەكە دەستگیر كران”. گوتیشی یەكێك لە بازرگانەكان پێشتر بە تۆمەتی كڕین و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەكانەوە دەستگیر كراوە، دوای ماوەیەك ئازاد كراوە، ئەمڕۆ لەگەڵ گەورە بازرگانێكی تر توانرا دەستگیر بكرێن. ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە پێش جەژنی قوربانیش، پۆلیس چەند كەسێكی دەستگیر كردووە كە تۆمەتبارن بە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان لە خورماتوو و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیاندا بەردەوامە. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەو دوو گەورە بازرگانەی مادەی هۆشبەر لە خورماتوو كە ئەمڕۆ دەستگیر كران، توركمانی شیعەن و سەر بە گرووپی عەسایبی ئەهلی حەقی حەشدی شەعبین. لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە كاتێك كە حەشدی شەعبی خورماتووی داگیر كرد، تا ئێستا وێڕای خراپی دۆخی ئاسایشی ناوچەكە، بەكارهێنان و بازرگانیكردنی بە ماددە هۆشبەرەكانەوە لە خورماتوو تەشەنەی كردووە.