داوای ٨ ساڵ زیندانی بۆ ئەندام پەرلەمانێكی هەدەپە دەكرێت

داواكاری گشتیی ئەنقەرە دۆسیەیەكی لەسەر ئەندام پەرلەمانێكی هەدەپە كردووەتەوە و داوای لە دادگا کردووە بۆ ماوەی ٨ ساڵ زیندانی بكرێت، چونكە دەستی لە هاوسەرەكەی بەرز كردووەتەوە و توندوتیژی بەرامبەری كردووە. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاو كراوەتەوە، مەنسوور ئیشق، ئەندام پەرلەمانی هەدەپە لەلایەن داواكاری گشتیی ئەنقەرەوە داوای یاسایی لەسەر تۆمار كراوە. داواكاری گشتی، داوای لە پەرلەمانی توركیا كردووە پارێزبەندی لەسەر مەنسوور ئیشق هەڵبگیرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرلەمان لە پشووی هاوینە دایە، بۆیە دانیشتن لەسەر ئەو دۆسیەیە تا مانگی ٩ دوا دەكەوێت. هەروەها لە دۆسیەكەی داواكاری گشتیدا كە وێنەیەكی بۆ پەرلەمانی توركیا نێردراوە داوا كراوە، دوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لە مەنسوور پاشان بۆ ماوەی ٨ ساڵ زیندانی بكرێت، چونكە سووكایەتی بە ئافرەت كردووە و لێی داوە. چی روی دابوو؟ مەنسوور ئیشق ئەندام پەرلەمانی هەدەپە، لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوسەرەكەی بە ناوی ئیبرۆ ئیشق دەبێتە دەمەقاڵەیان، پاشان مەنسوور بۆكسێك لە ئیبرۆ دەدات و رێگەش نادات بچێتە نەخۆشخانە و تەلەفۆنەكەشی لێ وەردەگرێت تا ئیبرۆ پەیوەندی بە پۆلیس، یان نەخۆشخانەوە نەكات. دوای ئەوەی برینەکەی ئیبرۆ تەشەنە دەکات و تووشی خوێنبەربوون دەبێت، مەنسوور بۆ خۆی دەیباتە نەخۆشانەیەكی تایبەت لە ئەنقەرە و لەوێ ئیبرۆ بە ئیدارەی نەخۆشخانەكە دەڵێت داوای یاسایی لەسەر هاوسەرەكەم تۆمار دەكەم، چونكە بە بۆكس لێمی داوە. دوای چەند سەعاتێك ئیبڕۆ دەچێتەوە بۆ نەخۆشخانەكە و دەڵێت درۆم كرد هاوسەرەكەم لێمی نەداوە، بەڵام ئەم گوتانەی هیچ سوودێكی نییە، چونكە ئیفادەی پێشووتری هەموو شتێكی ئاشكرا كردووە. ئەنجوومەنی ئافرەتانی هەدەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، دژی ئەو هەنگاوەی مەنسوور وەستاونەتەوە و دەڵێن ئیمە پشتگیری لە هاوسەرەكەی دەكەین و ئەگەریش لە دادگا دەركەوت مەنسوور لە هاوسەرەكەی داوە، ئیدی پێویستە لە هەدەپەش دەربكرێت.