دۆخی پەتای كۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی، بە بەراورد بە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك باشتر نییە و جیاوازیی داتاكانی نێوان ئەو پارێزگایانە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، پزیشكێكی شارەكەش هۆشداری لەبارەی مەترسیداریی دۆخەكە دەدات. بە گوێرەی ئەو داتایانە بێت كە وەزارەتی تەندروستی بڵاوی كردۆتەوە، ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوون لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە ئاستێكی بەرز دایە، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە پارێزگای سلێمانی كەمترە، لە هەمان كاتدا داتاكانی پشكنینی تووشبوان دەریدەخات كە هۆكارێكی سەرەكیی كەمیی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی، كەمیی ژمارەی پشكنینەكانە و تەنانەت ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ٨ی ٢٠٢٠، لە سلێمانیدا تەنیا ٣٢١ پشكنین ئەنجام دراون، كەچی لە پارێزگایەكی وەك دهۆك كە ژمارەی دانیشتووانی كەمترە، هەزار و ٩٠ پشكنین ئەنجام دراوە. بۆیە شارەزایانی بواری پزیشكی پێیانوایە كە دۆخی كۆرۆنا لە سلێمانی، لە هەولێر و دهۆك باشتر نییە. دکتۆر محمەد عەلی، پسپۆڕی پەتای كۆرۆنا كە لە تاقیگەی سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سلێمانی كار دەكات، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو ڤایرۆسێكی مەترسیدار تا ئێستا نزیكەی ١٩ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، ڤایرۆسێكی مەترسیدارە و تا یەك كەس لە دونیادا مابێت كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بێت، مەترسیی ئەو ڤایرۆسە بەسەر تەواوی جیهاندا دەمێنێت، ”ئێستا لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا ھەرچەندە حاڵەتەکانی کۆرۆنا کەمی کردووە، بەڵام شاری واھەیە جارێکی دیکە کەرەنتینە دەکرێتەوە”. ڕوونیشی كردەوە، ئێستا كۆرۆنا لەنێو كۆمەڵگەی كوردستاندا دەژی و ژمارەیەك هاووڵاتیش بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە، ”تاوەکو ڤاکسینەکەی نەدۆزرێتەوە، بەردەوام ھەڕەشە لە ژیانی ھاووڵاتیان دەکات، بۆیە باشترە خەڵكی سنوورێک بۆ پەتای کۆرۆنا دابنێن، سنوورەکەش تەنھا لە ڕێگەی خۆپارێزی و جێبەجێکردنی ڕێنماییە پزیشکییەکانەوە دەبێت، ئەگەر خەڵکی کوردستان، پابەندی ڕێنماییە پزیشکییەکان نەبێت، دەگەڕێینەوە بۆ خاڵی سفر و جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو ڤایرۆسەکە لە نێوماندا بڵاو دەبێتەوە”. دکتۆر محەمەد عەلی نەیشاردەوە كە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە پارێزگای هەولێر جێگەی نیگەرانییە، بەڵام ”بەداخەوە خەڵکی شاری سلێمانی ماوەی مانگێک زیاترە پشتی لە ڕێنماییەکان کردووە و وادەزانن ڤایرۆسەکە نەماوە یان سستبووە، بێگومان ئەوە بیرکردنەوەیەکی ھەڵەیە و ئەگەر هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بەم شێوەیەی ئێستا کەمتەرخەمی بکەن، ڕەنگە ڕەوشەکە ھێندە مەترسیدار بێت، نەتوانین ھاوشێوەی سەرەتای پەتاكە، چارەسەری خەڵكی بکەین“. ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”بەھۆی ھاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشیار بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەگەر هەیە لە ماوەی دوو ھەفتەی دیکەدا حاڵەتەکانی تووشبوون بە كۆرۆنا بەرز ببێتەوە، بۆیە باشترە لەم دۆخەی ئێستادا کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراق و خوارووی عێراقەوە ڕوویان کردوەتە سلێمانی، دانیشتوانی شارەکە زیاتر لە جاران خۆپارێزی بکەن و ڕێنماییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکەن”.