شاخه‌وان عه‌بدوڵا: غازی كەركووكی دۆسیە ئەخلاقییەكانی بە نووسینی سیاسی دادەپۆشێ

كادیرێكی پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە پێناو داپۆشینی ئەو دۆسیە ئەخلاقییانەی لەسەریەتی، باسی سیاسەت دەكات. داواشی لە یەكێتی كرد سنوورێكی بۆ دابنێت. غازی كەركووكی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەبێ گوێدانە ئەم كەشەی لە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە، بە پاساوی دەربڕینی هاوسۆزی بۆ كوردانی ئێزیدی، سنووری قسەكانی بەرامبەر بە سەرۆك بارزانی بەزاندووە. لەمبارەیەوە شاخه‌وان عه‌بدوڵا كادیری پێشكەوتووی پارتی و ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند ئەو كەسە لە بنەڕەتدا كەركووكی نییە، ‌كه‌ركووك زۆر گه‌وره‌تره‌ ناوی به‌ ناوی پیاوێكی سووك و خۆفرۆشی وه‌ك غازی كه‌ركووكییەوە بلكێندرێ. ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەوان لەوە نیگەرانن یەكێتی ”كەسێكی ئاست نزمی وەك غازی كەركووكی“ كردووەتە ئەندامی سەركردایەتی و ناشتوانێ پەروەردەی بكات. شاخەوان عەبدوڵا هەروەها گوتی ”پێویستە هەرچی زووە یەكێتی سنوورێك بۆ ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی خۆی دابنێ، چونكە هێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر ره‌مزه‌كانی پارتی“. كادیرەكەی پارتی نەیشاردەوە كە ئەگەر غازی كەركووكی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نەبێت، بوێری ئەوەی نییە بەم شێوەیە قسە بكات، بە تایبەتییش لە كاتێكدا باش دەزانێت سەرۆك بارزانی چۆن لێكۆڵینەوەی لە ڕووداوەكانی شنگال كردووە و چۆن ژیانی بۆ شنگال گەڕاندووەتەوە پاش ڕزگاركردنی لەدەست داعش، بەڵام جارێكی دیكە غازی كەركووكی و خۆفرۆشەكانی هاوڕێی شنگال و زیاتر لە نیوەی خاكی باشووری كوردستانیان ڕادەست كردەوە. بە بڕوای كادیرە پێشكەوتووەكەی پارتی، غازی كەركووكی هەموو شتێكی لە دەست داوە و ”لە ڕووی كۆمەڵایەتی و كەسی و سیاسییەوە هیچی نەماوە تا لێی بترسێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە، كەسێك مەسائیلی ئەخلاقی لەسەر بێت، چۆن دەكرێتە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی؟“.