لەبارەی ماددەی كیمیاویی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە مامۆستایەكی زانكۆ هۆشداری دەدا

مامۆستایەكی زانكۆ لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەدات لەبارەی ماددەی كیمیاویی نێو زانكۆكانی هەرێمی كوردستان. د. هیوا بالیسانی، مامۆستای زانکۆی سۆران، لە نامەیەکیدا کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و وێنەیەكی نامەکەی داوەتە (باسنیوز)، ئاماژەی بەوە داوە: ”ءپێویستە زۆر بەپەلە، لێژنەیەکی تەندروستی و سەلامەتی پێک بهێنرێت و سەردانی گشت زانکۆکانی هەرێمی بکات“. ڕوونیشی كردەوە كە پێویستە لێژنەكە دڵنیابێتەوە لە چۆنیەتیی هەڵگرتنی ئەو ماددە كیمیاوییانەی کە لەوانەیە لە کۆگانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا هەبن و پێشتر بۆ كاروباری تاقیكردنەوە سوودیان لێوەرگیرابێت. گوتیشی: ”دڵنیام بەشێک لە زانکۆکان لەوانەیە لە کۆگاکانیاندا ماددەی کیمیاییان هەبێت و ئەگەر بە شێوازێكی ناتەندروست هەڵگیرابێت، یاخوود بەسەر چووبێت، ئەوا لەوانەیە ببێتە هۆی روودانی کارەساتی نەخوازراو، بەتایبەتیش ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست و سەلامەت لە نێو نەبرێن”. مامۆستاكەی زانكۆی سۆران داواكارییەكەی بە ڕووداوەكەی دوێنێ سێشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٠ی شاری بەیرووتی لوبنان بەستۆتەوە و رای گەیاندووە كە وەك باس دەكرێت، ڕووداوەكە لە ئەنجامی تەقینەوەی نیتراتی ئەمۆنیۆم (Ammonium nitrite) بووە كە ماددەیەكی كیمیاییە و بەهەڵە كۆگا كراوە. لە ئەنجامی تەقینەوەكەی دوێنێی بەیرووت، دەوروبەری ٨٠ كەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە چوار هەزار كەسیش بریندار بوون، ژمارەیەكیش لە خەڵكی نزیك شوێنی ڕووداوەكە تائێستا بێسەروشوێنن.