لە زاخۆ کەمپێکی ئاوارەکان کەرەنتین کرا

بەڕێوەبەری کەمپی “چەم مشکۆ” لە زاخۆ کە تایبەتە بە کەمپی ئاوارەکان، ئاشکرای کرد ئەمڕۆ چوارشەممە 2020.8.5 لەبەر تووشبوونی کەسێک بە پەتای کۆرۆنا لەناو کەمەپەکە، بۆیە بڕیاری کەرەنتینکردنی دراوە. لەمبارەوە مامۆن یەحیا، بەڕێوەبەری کەمپی “چەم مشکۆ”ی ئاوارەکان لە قەزای زاخۆ بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو حاڵەتێکی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەناو کەمپەکە تۆمار کراوە، ئەمڕۆ دەستمان کردووە بە کەرەنتینکردنی کەمپەکە و ئێستا هاتوچۆ بۆ ناو کەمپی چەم مشکو ڕاگیراوە و هیوادارین هەموو ئاوارەکان هاوکارمان بن و لە جێی خۆیان بمێنن و نەیەنە دەرەوە هەتا ڕەوشەکە کۆنتررڵ دەکرێت”. ئاماژەی بەوەش کرد: “لە ئەمڕۆ بەدواوە ئێمەش زیاتر چالاک دەبین و زیاتر ئاوارەکانی ناو کەمپەکە لە ڕێنماییەکان ئاگادار دەکەین و دەبێ هاوکارمان بن و لە مەترسیی خۆیان بپارێزن لە دەمامک و دەستکێش بەکار بهێنن”. کەمپی چەم مشکۆ لە قەزای زاخۆ چوار هەزار و 800 خێزانی ئاوارە تێیدا دەژین و بەگشتی نزیکەی 25 هەزار کەس تێیدا نیشتەجێن.