پاش تەقینەوە بەهێزەکەی دوێنێی شاری بەیرووت، میشل عەون، سەرکۆماری لوبنان ئاشکرای کرد لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەو وڵاتە ماتەمینی گشتی ڕادەگەیەندرێت و بۆ ماوەی دوو هەفتەش دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراوە. هاوکات سەرکۆماری لوبنان بڕی 100 ملیار لیر (66 ملیۆن دۆلار)ی وەک بودجەی تایبەت بۆ دۆخی ئێستای لوبنان و نۆژەنکردنەوەی شوێنە ڕووخاوەکان تەرخان کردووە. ئەم تەقینەوەیە لە کاتێکدایە کەلە چەند مانگی ڕابردوودا لوبنان ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە و گرفتی بەهای دراوی نیشتمانیی هەبووە و هاوکات گرانی و بێکاری لەو وڵاتە بەرۆکی خەڵکی گرتووە. ئەو وڵاتە لە مانگی مەیدا داوای لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی کردبوو کە بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک قەرزی پێنج ساڵە بە لوبنان بدرێت. لوبنان لە کاتێکدا داوای قەرزی لە سندووقی دراوی نیودەوڵەتی کردووە کە ئەو وڵاتە نزیکەی 90 ملیار لە ناوخۆی و دەرەوە قەرزدارە کە 30 ملیار دۆلاری هی سندووقی دراوی نیودەوڵەتییە. بە گوتەی حسان دیاب، سەرۆکوەزیرانی لوبنان و بەپێی دوایین زانیاریی تەندروستیی ئەو وڵاتە هەتا ئێستا بەهۆی تەقینەوەکەی دوێنێ 78 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 4 هەزار کەسیش بریندارن و بە دەیان کەسیش بێسەروشوێنن.