ئەمڕۆ 75ـەم ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی هێرۆشیمایە بە چەکی ناوکی

ئەمڕۆ 6-8-2020، ئەمڕۆ 75ـەم ساڵوەگەڕی بۆردومانکردنی هێرۆشیمایە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بە چەکی ناوکی. رۆژی 6-8-1945، لە شەڕی جیهانیی دووەم، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆمبێکی چوار تۆن و 500 کیلۆگرامیی چەکی ناوکییان هەڵدایە سەر شاری هێرۆشیما لە یابان. تەقینەوەی بۆمبە ناوکییەکە لە هێرۆشیما، بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 80 هەزار کەس و برینداربوونی 90 هەزار کەس، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئەوکاتی هێرۆشیما 350 هەزار کەس بوو. تەقینەوە ناوکییەکە، کە یەکەمجار بوو لە مێژوودا رووبدات، جگە لەو هەموو زیانە مرۆییە، بووە هۆی وێرانبوونی %90ـی خانوو و باڵەخانەکانی هێرۆشیما. هێرۆشیما شارێکی باشووری رۆژئاوای یابانە و کەوتووەتە ناو دوورگەی هۆنشۆ و سەر کەنداوی هێرۆشیما. بەپێی زانیارییەکانی ویکیپێدیا، لە ساڵی 2019 ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیۆن و 199 هەزار کەس بوو. یابان لە جەنگی جیهانیی دووەم یەکێک بوو لە وڵاتانی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای نازی بە سەرۆکایەتیی ئەدۆڵف هیتلەر، ئیتاڵیا، رۆمانیا، هەنگاریا و بولگاریا و شەڕی دژی وڵاتانی هاوپەیمان راگەیاند بوو. وڵاتانی هاوپەیمان بریتی بوون لە ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا)، فەرەنسا، چین، کەنەدا، پۆڵەندا، ئوسترالیا، نیوزیلەندا، نەرویج، دانیمارک، بەلجیکا، هۆڵەندا، یۆنان، یوگوسلاڤیا، چیکوسلۆڤاکیا، بەرازیل، مەکسیک، ئەسیوپیا، باشووری ئەفریقیا و هیندستان.