بڕی هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان ئاشکرا دەبێت

بڕی هاوکارییەکانی حکوومەتی عێراق بۆ حکوومەتی لوبنان، کە بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووتەوە بڕیاری ناردنی دراوە، ئاشکرا دەبێت. حەیدەر مەجید، گوتەبێژی ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، عێراق یەکەم وڵات بوو دەستێپەشخەری بۆ ناردنی هاوکاریی بۆ لوبنان، کرد. حەیدەر مەجید هاوکارییەکانی حکوومەتەکەی بۆ لوبنان، ئاشکرا کردووە، کە بریتین لە؛ – 20 تۆن هاوکاریی پزیشکی – تیمێکی پزیشکی پێکهاتوو لە 15 پزیشک و ژمارەیەک یاریدەدەری پزیشکی – چەند کاروانێک گازی شل – ناردنی نەوت هەروەک ئەو بەرپرسەی عێراق رایگەیاندووە، هاوکارییەکەی عێراق ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 5-8-2020 گەیشتووەتە بەیرووت و شاندێکی حکوومیش بە سەرۆکایەتیی وەزیری نەوت، هاوکات لەگەڵ هاوکارییەکە، گەیشتووەتە بەیرووت. رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 137 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.