سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان. پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-8-2020، ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە بەیرووت. بڕیارە ئیمانوێڵ ماکرۆن لەگەڵ میشێڵ عۆن، سەرۆکی لوبنان و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە، کۆ ببێتەوە و سەردانی شوێنی تەقینەوەکە بکات. سەردانەکەی ئیمانوێڵ ماکرۆن، بە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتان دێت، دوای تەقینەوە بەهێزەکەی بەیرووت، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس. ماکرۆن لە پۆستێکیدا لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، کە دوای گەیشتی بە بەیرووت کردوویەتی، نووسیویەتی، ”لوبنان بە تەنیا نییە“. رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 137 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.