وەزارەتی كارەبا خەرجیی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای بۆ كەمتر لە نیوە دابەزاندووە

بەرپرسێکی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی یەك كیلۆوات\كاتژمێر وزەی كارەبا 22 سەنت خەرجی بوو، ئێستا ئەم خەرجییە بۆ كەمتر لە 9 سەنت دابەزیوە. دیار بابان بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند “خەرجیی بەرهەمهێنانی كارەبامان زۆر كەم كردووەتەوە، لە كاتێكدا پێشتر خەرجییەكان زۆر زیاتر بوون، پێشتر بەشی زۆری وێستگەكانی كارەبا بە گازوایل كاریان دەكرد، گازوایلیش گرانە، كەچی ئێستا كار بە غازی سرووشتی دەكەین، هەروەها پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی یەك كیلۆوات\كاتژمێر وزەی كارەبا 22 سەنتی تێدەچوو، ئێستا كە بە غاز كار دەكەین، خەرجییەكە ناگاتە 9 سەنتیش”. بە پێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ساڵانی پێشوو كە هەموو وێستگەكانی كارەبا بە گازوایل كاریان دەكرد، خەرجی بەرهەمهێنانی ساڵانەی كارەبا بە گشتی لە سەرووی سێ ملیار دۆلارەوە بوو، بەڵام ئێستا تەنها لە دهۆك یەك یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا ماوە كە هێشتا بە گازوایل كار دەكات، چونكە بۆڕی غاز نەگەیشتووەتە دهۆك، ئەوانی تر هەمووی بە غاز كار دەكەن. دیار بابان ئاشكراشی كرد لە هەرێمی كوردستاندا 13 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایان هەیە و هەوڵی حكوومەت بە ئاڕاستەی گرنگیدانە بە ژێرخانی كارەبا. گوتیشی “ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەلای ئێمەوە جێگەی بایەخدانە بۆ ئەوەی بتواندرێ پێداویستی كارەبا پڕ بكەینەوە، ئێستا بەرهەمی كارەبامان نزیك دەبێتەوە لە 3 هەزار و 400 مێگاوات”. بەرپرسەكەی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا “ئەو كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان هەیە زۆرینەی هی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی خۆماڵییە، حكوومەت سێ وێستگەی كارەبای هەیە، دوكان و دەربەندیخان و وێستگەی هەڵمیی خەبات، ئەوەی تر هەمووی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتە، تا ئێستاش وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت زۆر هاوكار بوون”.