وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای كرد، نرخی نەخۆشخانە ئەهلییەكان بە بڕی ٢٥٪ دابەزێندراوە و لەمەودوا نەخۆشخانە ئەهلییەكانیش دەبێت نەخۆشانی كۆرۆنا وەربگرن. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “وەكوو وەزارەتی تەندروستی بڕیارمانداوە، هەموو نەخۆشخانەیەكی ئەهلی نەخۆشی کۆڕۆنا وەربگرێت، نابێت نەخۆش ڕەت بکرێتەوە، هەموو نەخۆشخانە ئەهلیەکانمان ڕاسپاردووە بە وەرگرتنی نەخۆشانی کۆڕۆنا و هاوکاریکردنی نەخۆشخانە حکوومیەکان”. روونی كردەوە، بڕیاری دابەزاندنی نرخیشیان بۆ نەخۆشخانە ئەهلییەكان دەركردووە و گوتی: “٢٥%ی نرخمان بە نەخۆشخانە ئەهلییەكان دابەزاندووە، هەروەها ئێمە چاودێریی نەخۆشخانەكان دەكەین هەر نەخۆشخانەیەك دۆخەكە بقۆزێتەوە، بە تایبەتیش بەرامبەر تووشبوانی كۆرۆنا، سزای دەدەین”. وەزیری تەندروستی باسیشی لەوە كرد كە بە بڕیاری وەزارەتەكەی، چەند ڕۆژێكە لێژنەكانی پێشکنین و بەدواداچوون، هەموو نەخۆشخانە ئەهلییەکان بەسەردەکەنەوە و چەندین نەخۆشی كۆڕۆنا لە چەند نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە شاری هەولێر و سلێمانی داخیل کراون و لە ژێر چارەسەردان. بە پێی ئەو ئامارەی دەست (باسنیوز) كەوتووە، زیاتر لە 45 نەخۆشخانەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە و كار دەكەن.