پشدەر.. بڕێکی زۆر دەرمانی قاچاخی ئێرانی دەستی بەسەردا گیرا

ھێزەکانی  یاریدەدەرێتی ئاسایشی قەڵادزێ و سەنگەسەر دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر  دەرمانی ئێرانی گرتووە کە بە شێوەی قاچاخ ھێندراوەتە ناو ھەرێمی کوردستانەوە. محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی ڕاپەڕین بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی زانیاریمان پێ گەیشت کە بڕێکی زۆری دەرمانی مرۆیی بە قاچاخ لە ئێرانەوە ھێندراوەتە سنوورەکە، ھێزەکانی ئاسایشی قەڵازێ و سەنگەسەر توانیان دەستی بەسەردا بگرن و دوو تۆمەتباریش بەو ھۆیەوە دەستگیر بکەن”. گوتیشی: “دەرمانە قاچاخەکە پێکھاتووە لە: ٢٨١ ھەزار و دەنک حەبی جۆری (ڤیتامین سی، ئەمۆکسیلین، کۆڵدجێل، بێنراکودیل، گەین ئەپ، ڕۆیاڵ، فات فاست، سوپسیدیاری فود پرۆدەکت، ھیمالایەو پوما)، شەش ھەزار و ٣٢٠ مەلحەمی جۆری (ئێن ئێن و زایلۆژێل) و٦۰۰  قەترەی جۆری (کانازۆڵ، کۆلیک ئی زێت و جێنتێکس)”. باسی لەوەش کرد ئێستا دەرمانەکە دەستی بەسەردا گیراوە و دوو تۆمەتبارەکەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.