ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە حەسان دیاب سەرۆك وەزیرانی لوبنان لە میانی وتاری دەست لەكار كێشانەوەیدا رایگەیاند گەندەڵكاران لە دەوڵەتی لوبنان گەورەتر و بەهێزترن. ئەمڕۆ دیاب دەست لەكاركێشانەوەی حكوومەتەكەی راگەیاند، ئەمەش چەند رۆژێك لە دوای خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرفرەوانی هاووڵاتییانی لوبنان هات دوابەدوای تەقینەوە گەورەكەی بەیروتی پایتەختی هەژاند. دیاب سیاسەتمەدارانی وڵاتەكەی تۆمەتبار كرد بە تاڵانكردن و بردنی سەروەت و سامانی لوبنان، رایگەیاند حكوومەتەكەی بە هۆی گەندەڵی سیاسەتمەدارانەوە قەرزار بووەتەوە. هەروەها سیاسەتمەدارە گەندەڵەكانی وڵاتەكەشی تۆمەتبار كرد بەوەی هەوڵیان داوە خراپەكارەكانیان بخەنە ئەستۆی حكوومەتەوە. سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە دووپاتی كردەوە كە تەقینەوە گەورەكەی بەیروت دەرەنجامی گەندەڵی بەربڵاوی وڵاتەكەیە، پێكهاتەی گەندەڵكارانیش لە دەوڵەت گەورەترە و حكوومەت ناتوانێ ڕووبەڕوویان ببێتەوە، یەكێك لە نمونەكانی گەندەڵییش تەقینەوەكەی بەیروت بوو.