لە یادی 100 ساڵەی پەیمانی (سیڤەر)دا

ئەمڕۆ (10/ 8) یادی 100 ساڵەی پەیمانی (سیڤەر)ە، کە لە (10/ 8/ 1920) لە دوای یەکەم جەنگی جیهانی و دوای سەرکەوتنی دەوڵەتانی هاوپەیمان بەسەر ئەڵمانیا و نەمسا و مەجەر و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە شارۆچکەی (سیڤەر)ی نزیک پاریسی پایتەحتی فەرەنسا، لەلایەن کۆمەڵێک دەوڵەت و نوێنەری هەندێک نەتەوە واژۆ کرا، کە پێکهاتبوون لە (بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرمەنستان، بەلجیکا، یۆنان، پۆڵەندا، پرتوگاڵ، رۆمانیا، سیبیریا، کرواتیا، سلۆڤینیا، چیکسلۆڤاکیا و تورکیای عوسمانی)، هەورەها ئەمریکاش وەک چاودێر تێیدا بەشدار بوو، جگە لەمانە، فەیسەڵی کوڕی حوسێن، وەک نوێنەری عەرەبەکانی حیجاز و ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان وەک نوێنەری کورد، بە ئامادەکردنی راپۆرتێک لەسەر بارودۆخی نەتەوەکەیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان، بەشدار بوون. پەیماننامەکە بریتی بوو لە (433) مادە و کۆمەڵێک مەرج بەسەر دەوڵەتی عوسمانیی ئەوکات بەرامبەر بە وڵاتان و نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی وەک کورد و عەرەب و ئەرمەندا سەپێنرا. لەناو مادەکاندا سێ مادە تایبەت کرابوون بە بارودۆخی کوردەکان لە کوردستاندا، ئەوانیش مادەی (62- 63- 64) بوون. مادەی (62) تایبەت بوو بە کاری ئەو لیژنەیەی لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا پێکهاتبوو، بۆ دیاریکردنی سنووری ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانیان کوردن، بۆ ئەوەی مافی ئۆتۆنۆمییان پێ بدەن. مادەی (63) ئاماژەی بە رازیبوونی دەوڵەتی عوسمانی دەکرد، سەبارەت بەو ئەنجامانەی کە لیژنەکە لە مادەی سەرەوەدا پێی دەگا و بڕیاری لەسەر دەدا. مادەی (64)ی ناو پەیمانەکە، باسی ئایندەی ئەو ناوچەیەی دەکرد، کە بەپێی مادەی (62) دیار کراوە و بڕیاری لەسەر دراوە، بۆ ئەوەی ئەگەر دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بە خواستی خۆیان، دوای ساڵێک ئەگەر ویستی جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی عوسمانی هەبێت، ئەوا بۆیان هەیە و دەتوانن داوایەک بۆ ئەم مەبەستە بۆ کۆمەڵەی گەلان بەرز بکەنەوە. گرنگیی پەیمانی سیڤەر بۆ کورد لەوە دابوو، کە بۆ یەکەم جار بوو مافی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە پەیمانێکی نێودەوڵەتیدا دیاری بکات، کە بەپێی هەندێ لە توێژەران، تا ئێستاش بە هیچ بڕیارێک بە فەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە، ئەگەرچی دواتر (پەیمانی لۆزان، کە لە 24/ 7/ 1923، کە لە سویسرا لە ئەنجامی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سیڤەر و گەلەکۆمەکی دژ بە مافەکانی نەتەوەی کورد بەسترا)، کرا بە جێگرەوەی پەیمانی نێودەوڵەتیی سیڤەر. ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی 100ساڵەی پەیمانی (سیڤەر) دەکرێتەوە، کە ناوچەکە لەبەردەم ململانێ و پیلانی جۆراوجۆر دایە و دوای زیاتر لە 100 ساڵ بەسەر پەیماننامەی دابەشکاریی سایکس پیکۆ، هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە نییە، دان بە مافە رەواکان و خواستی کورداندا بنێت، لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد، کە مایەی ئارامی و ئاساییشە بۆ ناوچەکە، وەک ئەوەی لە پرۆسەی ریفراندۆمی کوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 بەڕێوە چوو و زیاتر لە 92.73%ی بەشداربوان دەنگیان بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا. کەچی دواتر بەهۆی گەلەکۆمەکی و خیانەتی گرووپێکی نێو لایەنێکی کوردی لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەشێکی زۆری خاکی ئازادکراوی کوردستان، بەتایبەت لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لەلایەن حەشدی شەعبی و هاوکارەکانیان دەستیان بەسەردا گیرایەوە و کورد جارێکی دیکە لەسەر ماڵ و موڵکی خۆی ئاوارە بووەوە.