هونەرمەند و راگەیاندنکارێکی لوبنان وەرگرتنی پۆستی وەزیری رەت دەکەنەوە

ژن و پیاوێکی هونەرمەند و راگەیاندنکاری لوبنانی، وەرگرتنی پۆستی وەزیری لە حکوومەتی لوبنان، رەت دەکەنەوە. دوای دەست لەکار کێشانەوەی وەزیری راگەیاندنی لوبنان، حەسەن دیاب، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە داوای لە هونەرمەند رامی عەیاش و راگەیاندنکار خاتوو مونا ئەبو هەمزە کرد، پۆستی وەزیری راگەیاندن وەربگرن. رۆژی یەکشەممە 9-8-2020، خاتوو مەنال عەبدولسەمەد، وەزیری راگەیاندنی لوبنان، بەهۆی تەقینەوەکەی بەیرووتەوە، دەستی لەکار کێشایەوە. مونا ئەبو هەمزە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، وەرگرتنی پۆستی وەزیری راگەیاندنی رەت کردووەتەوە. هەروەها رامی عەیاش لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە (تویتەر)، وەرگرتنی پۆستی وەزیری راگەیاندنی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”لەبری رزگارکردنی خەڵک، پۆستەکان لەسەر کەشتییە نغرۆبووەکە رێک دەخەنەوە“. رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان.