په‌رله‌مانتارێكی پیشووی یه‌كێتی: بیستوومانە بەرهەم ساڵحیش كاندیدی لیستەكەی كازمی دەبێت

ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای كرد كە بیستوویانە، بەرهەم ساڵحیش دەبێتە كاندیدی لیستەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق. عەبدوڵا عەلی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، “هەڵبژاردن گاڵتە نییە و ئەوانەی دەیانەوێ هەڵبژاردن بكرێت، دیراسەیان كردووە، ئەوانەشی لەگەڵیدا نین، دەزانن كەموكوڕییەكان لە كوێدان”. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە “لەبارەی لیستەكەی كازمییەوە، قسەیەكی وامانبیستووە كە د. بەرهەم ساڵحیش كاندیدی ئەو لیستەیە”. پەرلەمانتارەكەی پێشووی یەكێتی لەم دۆخە نیگەرانە و دەڵێت: “كورد خۆخۆری خۆیەتی، یەكێتی لەنێو خۆیدا كەوتۆتە خۆخۆری، هیچیان پێ گوناح نییە، لەم كارەدا بەرهەم ساڵح و ئەوانەی بەرامبەر بەرهەم ساڵحیشن زەرەر دەكەن، خەڵكی بەشخوراوی كوردستانیش زەرەرمەند دەبن لەم كارە”. بە بڕوای عەبدوڵا عەلی، گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ نێو یەكێتی كە “هاوپەیمانییان پێ هەڵوەشاندنەوە، ئەمە فێڵكردنە لە یەكتری”. گوتیشی: “پەراوێزخستنی بەرهەم ساڵح لەنێو یەكێتی خراپە، ڕەنگە هەندێك ڕەخنەی لەسەر هەبێت، بەڵام چوونە دەرەوەی هەر كادیرێك بۆ یەكێتی خراپە”. پێشتر (باسنیوز) ئاشكرای كرد كە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی لیستێكی هاوبەشیان دەبێت و لەم پێناوەشدا كار لەسەر بەردەوامیدان بە نەناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكەن.