ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی د.دلۆڤان جەلال بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لێژنەی زانستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆبووەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە فەرمانگە حکومیەکانی سنووری هەولێر ڕۆژانە ژمارەیەكی زۆری هاونیشتیمانیان سەردانیان دەکەن و جەنجاڵیان پێوە دیارە. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بڵاوی كردەوە كە لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خراوەتە سەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و چۆنیەتی ڕێگریکردن لە کەمترین بەرکەوتن لەلایەن هاووڵاتییان، بۆ تووشنەبوون و ڕێگریکردن لەو تەشەنەكردنەی ڤایرۆسەكە، کە ئێستا لە شاری هەولێر ڕۆژانە خەڵکانێک بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئەم ڤایرۆسە، سەردانی سەنتەری چارەسەری ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن. لێژنەكە چەندین پلان و ڕێکاری خۆپارێزی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی تاوتوێ كرد، کە ڕۆژانە لەلایەن پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەران پێشکەش دەکرێ، دواتر تیشک خرایە سەر فەرمانگە حکومیەکان کە ڕۆژانە هاونیشتیمانیان سەردانیان دەکەن و جەنجاڵیەکی زۆریان پێوە دیارە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر مەترسی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، بۆیە لێژنەكە چەندین بڕیاریان خستەڕوو کە لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت و بەرکەوتە کەمتر بێتەوە بۆ ڕێگریکردن لەم ڤایرۆسە لە سنووری شاری هەولێر.