ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕای خۆی لەبارەی ئەو ڤاگسینەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دەربڕی، كە ئەمڕۆ لەلایەن دەوڵەتی رووسیاوە بە فەرمی راگەیاندرا. تاریق یاساریڤیچ گوتەبێژ بە ناوی ڕێكخراوە جیهانییەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ئەلیكترۆنیدا رایگەیاند ڕێكخراوەكەیان لە پەیوەندییەكی بەردەوامدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رووسیا و لەبارەی ڤاكسینەكەوە گفتوگۆ دەكەن، بەڵام بەر لە پێدانی مۆڵەت بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكە، دەبێ چەند قۆناغێك ببڕن، وەكو هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی زانیارییەكانی سەلامەتی و رادەی كاریگەری ڤاكسینەكە. گوتیشی ڕێكخراوەكەیان پێشتر ڕێوشوێنی پێدانی مۆڵەتی بە ڤاكسین و دەرمان دیاری كردووە، كە پێویست دەكات لەسەر بەرهەمهێنەرانیان پێشوەختە مۆڵەت وەربگرن، وەكو بیمەیەك بۆ كواڵێتی بەرهەمەكە. گوتەبێژی ڕێكخراوە جیهانییەكە ئاماژەی بە مۆڵەتێكی تری سەربار كرد كە ئەویش بریتیە لە پەسەندكردنی ڤاكسینەكە لەلایەن دەزگای پەیوەندیداری هەر وڵاتێكەوە كە ڤاكسینەكە وەردەگرێ. جێی باسە ئەمڕۆ مۆسكۆ بە فەرمی تەواوكردنی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی كاریگەری لە دژی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا راگەیاند.