ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان و ئەنجامی پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی کرا. ئەنجوومەنی وەزیران لە کاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بە جۆرێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووری و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەموو مەرجەکانی حکوومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کردووە، بەڵام بە داخەوە حکوومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وای کردووە حکوومەتی ھەرێم نەتوانێ شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی کە بۆی خەرج دەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێ لە خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەمەش دەستووری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە. بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بە توندی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکوومەتی فیدراڵی دەردەبڕێ و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و ڕێز لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەمان کاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەکاتەوە و شاندی باڵای دانووستانکاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانووستانەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێکەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی ڕابردوو ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستووریەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکوومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف و شایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت. هەروەها داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریشی دا لە سەرەتای حەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە. ئەنجوومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد، بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.