سلێمانی.. ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکرا کە ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبێلەکەی کەسێکی کوشت و هەڵات

پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری شار تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بە ئۆتۆمبێل لە ماتۆرسكیلێكی دابوو و هەڵاتبوو و کە بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “ئەمڕۆ تۆمەتبارێك بە ئۆتۆمبێل لە ماتۆرسكیلێك دەدات كە دوو سەرنشینی لەسەر بووە و هەڵدێت، دوای گەیشتی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان بۆ سەر ڕووداوەكە دەردەكەوێت كە شۆفێری ماتۆر سكیلەكە بەناوی (ك ، ع ، م) لەدایكبووی 2001 دەستبەجێ‌ لەكاتی ڕووداوەكە گیانی لەدەستداوە و سەرنشینەكەش بە سەختی بریندار بووە”. ڕاشیگەیاند: “بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكرد و دوای كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی تۆمەتبار و ئۆتۆمبێلەكەی، توانرا نێوەرۆی ئەمڕۆ تۆمەتبارەكە كە خۆی حەشاردابوو دەستگیربكەن و دەستیش بگرن بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیدا لە جۆری (بی ئێم – بێ‌ سەرەتا) كە لە ناو باخێكدا شاردبوویەوە”. گوتیشی: “ئێستا تۆمەتبار (س ، ر ، س ) لەدایكبووی 1992، دانیشتوی گەڕەكی كانی سپیكە لە شاری سلێمانی، بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە”.