سوپای عێراق: لەبارەی هێرشەكەی دوێنێ چاوەڕێی وەڵامی سوپای توركیا دەكەین

ئەمڕۆ چوارشەممە گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەبارەی دەستدرێژییەكەی دوێنێی سوپای توركیا بۆ سەر كاروانێكی سەربازی سەر بە سوپای عێراق رایگەیاند كە چاوەڕێی وەڵامی سوپای توركیا دەكەن. یەحیا رەسول گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند لەسەر بڕیاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، چاوەڕوانن داخۆ سوپای توركیا لەبارەی بۆردوومانكردنی دوێنێی هێزێكی پاسەوانی سنووری عێراق چ لێدوانێك دەدات. یەحیا رەسول بە كەناڵی فەرمیی “ئەلعێراقیە”ی راگەیاند هێشتا لایەنی توركیا هیچ بەیاننامەیەكیان لەسەر هێرش و بۆردوومانەكەی دوێنێ دەركردووە، كە كوژرانی دوو فەرماندەی سەربازی لێكەوتەوە. گوتیشی ئەوان چاوەڕێن داخۆ سوپای توركیا چ وەڵامێكیان دەدەنەوە و پێویستە لە وەڵامەكەیاندا پرەنسیپی ڕێزی دراوسێیەتی و سەروەریی عێراق لەبەرچاو بگرن. ئێوارەی دوێنێ سێشەممە سوپای توركیا لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لە سنووری سیدەكان هێرشی كردە سەر كاروانێكی سەربازیی پاسەوانی سنوور و لە ئەنجامدا دوو فەرماندەی سەربازی كوژران و چەند سەربازێكیش بریندار بوون.