مامۆستایەكی زانكۆ بە توندی ڕەخنەی لە شێوازی كاركردنی لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەكەی گرت و ئاشكرای كرد كە ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بن، ”سلێمانی تووشی ئاژاوەیەكی گەورە دەكەن“. دوێنێ چوارشەممە ١٢ی ٨ی ٢٠٢٠، لاهوور جەنگی، سەردەستەی خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ڕێگەی میدیاكەیەوە هانی ئاژاوەیدا لە سلێمانی و ناوچەكانی دەڤەرەكە. لە بەرامبەردا د. جەزا چنگیانی، مامۆستای زانكۆ لە ڕووسیا كە خەڵكی شاری سلێمانییە، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەكەی بە شێوەیەك كار دەكەن كە دوور نییە سلێمانی بەرەو هەڵدێر ببەن، ”لە لایەكەوە بەپێی كاری چەتەیی خۆیان، دەستیان بەسەر خاڵە سنوورییەكاندا گرتووە، لە لایەكی دیكەوە داهاتی سلێمانی بۆ پهیجە جنێوفرۆش و سیخوڕییەكانیان و كەسانێكی پیاوكوژ خەرج دەكەن، دەشیانەوێت لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پارەیان بۆ خەرج بكرێت“. ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێیوایە كە لاهوور جەنگی كەسانێكی لە گرووپە خۆفرۆشەكەی ناردووەتە پەرلەمان و ”ئەو فاشیلانە بەردەوام هەوڵی ناشرینكردنی سیاسەت و حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان دەدەن“. جەزا چنگیانی جەختی كردەوە كە تاقمەكەی لاهوور جەنگی لە لایەكەوە هانی خۆپیشاندان دەدەن، لە لایەكی دیكەشەوە خۆیان بە بەشێك لە حزبێك دادەنێن كە لە حكوومەت بەشدارە. بۆیە بە دووری نەزانی، ”وەك چۆن كەركووكیان هەرزانفرۆش كرد، سلێمانیش بەو دەردە ببەن“. ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”چەند پەرلەمانتارێكی گۆڕان و هەندێك لایەنی دیكە، لە لایەن لاهوور جەنگییەوە كڕدراون، ئەوانە ئێستا بەربوونەتە گیانی گۆڕان و دەیانەوێت ڕێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان تێكبدەن“. لە كۆتاییشدا ئەو مامۆستایەی زانكۆ نەیشاردەوە كە بەهۆی كارەكانی تاقمە خۆفرۆشەكەی لاهوور جەنگییەوە، ”سلێمانی تووشی ئاژاوەیەكی گەورە دەكرێت“.