كەمتر لە 1%ی تووشبووانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان خەوێندراون

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند تا ئێستا كەمتر لە 1%ی تووشبووانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان خەوێندراون، دەنا هەر نەخۆشخانە حکومییەكان چارەسەری تووشبووانی پەتای کۆڕۆنایان كردووە. وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا دووپاتی كردووەتەوە كە تا ئێستا کەمتر لە 1%ی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا خەوێندراون، ئەوانەی كە لەو نەخۆشخانانەشدا خەوێندراون، تەنها بۆ خەواندنیان بووە لە بەشەكانی چاودێری چڕی هەناسەدان. ئەم راگەیاندراوەی وەزارەتی تەندروستی لە كاتێكدایە كە هەڵمەتێكی ناڕەوا بەرانبەر نەخۆشخانە حكومییەكان، وەزارەتی تەندروستی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، گوایە تووشبووانی پەتای كۆرۆنا بە پارە لە نەخۆشخانە ئەهلییەكاندا چارەسەر وەردەگرن، كەچی لە راستیدا ژمارەیەكی یەكجار كەمی تووشبووان لەسەر ویستی خۆیان ڕوویان لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان كردووە.