ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى پارتى: به ‌یه‌كگرتوویى ده‌توانین قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنین

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تیى پارتى رایگه‌یاند یه‌كگرتوویى ناو ماڵى كورد و ته‌بایى نێوان لایه‌نە سیاسییه‌كان ده‌توانین قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنین، چو‌نكه‌ ئه‌زموون ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ كه‌ په‌رته‌وازه‌یى ناو ماڵى كورد زیانى زۆرى پێگه‌یاندووین. هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و به‌رپرسى لقى 24ى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ (باسنیوز)ى راگه‌یاند “كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى جێى ئومێدى خه‌ڵكن، چونكه‌ ته‌بایى ناو ماڵى كورد ده‌بێته‌ هۆى به‌هێزبوونى پێگه‌ى كورد له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌كان، كه‌ ئێستا به‌رۆكى هه‌رێمیان گرتووه‌، له‌وانه‌ش قه‌یرانى دارایی، سیاسى و ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان”. راشیگه‌یاند “كۆبوونه‌وه‌كانى نێوان پارتى و یه‌كێتى به‌سته‌ڵه‌كى نێوان ئه‌و دوو پارته‌ى تواندووەته‌وه‌، به ‌یه‌كگرتوویى ده‌توانین به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كان زاڵ بین چ له‌ ناوخۆى هه‌رێم و چ به‌رامبه‌ر به‌غدا، چونكه‌ ئه‌و دوو پارته‌ خاوه‌ن هەژموون و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى به‌هێزن”. ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد “ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تى ململانێى نێوان پارته‌ سیاسییه‌كان به‌گشتى، پارتى و یه‌كێتییش به ‌تایبه‌تی، زیانى زۆرى به‌ كورد گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ په‌ڕه‌یه‌كى تازه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌ و گرژییه‌كان به ‌تایبه‌ت شه‌ڕى راگه‌یاندن و سۆشیال میدیا له ‌نێوان ئه‌و دوو پارته‌ بوه‌ستێندرێ”.