پاش تیرۆركردنی چالاكوانێكی دیكەی مەدەنی لە شاری بەسڕەی ئەوپەڕی باشووری عێراق، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق هۆشداری لە گەڕانەوەی دیاردەی تیرۆركردنی چالاكوانان دەدات. ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی ٨ی ٢٠٢٠، ژمارەیەك چەكداری نەناسراو هەڵیانكوتایە سەر بنكەیەكی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە شەقامی (البهو) لە ناوەڕاستی شاری بەسڕە كە تەحسین ئوسامە، چالاكوانی مەدەنی خاوەندارێتی دەكات و بەپێی زانیارییەكان، ٢٠ گوللەیان لێداوە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە. كەسێكی دیكەش كە لە هەمان بنكە بووە، بریندار بووە. لەمبارەیەوە كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق راگەیاندراوێكی بڵاو كردۆتەوە كە وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و تێیدا جەختی لە هۆشدارییەكانی پێشووی لەبارەی گەڕانەوەی دیاردەی تیرۆركردنی چالاكوانانی مەدەنی داوە و ئەمەشی بە ئاماژەیەك بۆ لاوازیی دامەزراوە هەواڵگرییەكان و كەمیی زانیاریی ئەمنی گەڕاندۆتەوە. كۆمسیۆنەكە ئاماژەشی بەوە داوە كە ئاشكرانەكردنی زۆربەی تاوانەكانی تیرۆركردن كە پێشتر لە عێراق ڕوویان داوە، لەنێویشیاندا تیرۆركردنی د. هیشام ئەلهاشمی، هانی باندەكانی داوە تاوەكوو لە كردەوەكانیان بەردەوام بن و حكوومەتی عێراق و دامەزراوە ئەمنییەكانیش بە بەرپرسار لە گەرەنتیكردنی ئاسایشی هاووڵاتییان بە گشتی و چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ بە تایبەتی لە قەڵەم دراون. تەحسین ئوسامە، چالاكوانێكی مەدەنیی بەناوبانگی شاری بەسڕە بووە و لە ناڕەزاییە میللییەكانی شارەكەدا ڕۆڵی دیاری هەبووە. سەرەتای مانگی تەمووزی رابردووش، د. هیشام ئەلهاشمی، شارەزای ئەمنی لە عێراق، لە لایەن چەند چەكدارێكەوە لە كردەوەیەكی ڕێكخراودا تیرۆر كرا. هەرچەندە سەرەتا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند هەنگاوێكی لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكان نواند و سەردانی ماڵی ئەلهاشمی كرد و بەڵێنی ئاشكراكردنی بكوژانی دا، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێك رانەگەیەندراوە. ڤیدیۆ: ساتی ناشتنی تەرمی تەحسین ئوسامە: