رۆحانی هۆشدارییەکی توند دەداتە ئیمارات

سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو. ئەمڕۆ شەممە 15-8-2020، حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە وتارێکی تەلەڤزیۆنیدا، رایگەیاند، رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل ”خیانەتە لە فەلەستین، عەرەب، مسوڵمانان و شاری قودس“. حەسەن رۆحانی پێیوایە ئیمارات هەڵە دەکات ئەگەر وابیر بکاتەوە، کە دەتوانێ بە نزیکبوونەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئاسایش و ئابووریی خۆی بەهێز دەکات، ”ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی حاکمەکانی ئیمارات نییە“. سەرکۆماری ئێران هۆشدارییەکی توندی داوەتە سەرکردەکانی ئیمارات و رایگەیاندووە، ئەگەر رێگا بە ئیسرائیل بدەن شوێن پێی لە کەنداو دابنێت، ئەوا ”هەڵسوکەت و هەڵوێستمان دەگۆڕێت“. رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.