فڕۆکەیەکی عێراق بە دەیان تۆن هاوکارییەوە گەیشتە بەیرووت

فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقی بە دەیان تۆن هاوکارییەوە، گەیشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان. بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، فڕۆکە سەربازییەکەی عێراق سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 15-8-2020 گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی بەیرووت. فڕۆکەکە دەیان تۆن هاوکاریی مرۆیی وەک خواردن و پێداویستیی پزیشکی هەڵگرتبوو، وەک بەشێک لە هاوکارییەکانی عێراق بۆ لوبنان. دوای تەقینەوە بەهێزەکەی بەیرووت، عێراق بە کەلوپەلی پزیشکی، نەوت و گازی شل هاوکاریی بۆ لوبنان نارد. رۆژی سێشەممە 4-8-2020، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بەندەرێکی بەیرووت رووی دا و بەپێی دوایین ئامار، 157 کوژراو و زیاتر لە پێنج هەزار برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە وێرانبوونی بەشێکی شارەکە و تێکچوونی ماڵ و حاڵی زیاتر لە 300 هەزار کەس. تەقینەوەکە بە گەورەترین تەقینەوەی ناناوکی لەسەر زەوی هەژمار کراوە، چونکە بچووکتر بوو لە تەقینەوە ناوکییەکان و زۆر گەورەتربوو لە تەقینەوە ئاساییەکان. هەرچەندە عێراق لە وڵاتە یەکەمەکان بوو لە ناردنی هاوکاری بۆ لوبنان و ئێستاش لە ناردنیانبەردەوامە، بەڵام رۆژی 8-8-2020، سوپای لوبنان، کە بە وەرگرتنی هاوکارییەکان راسپێردراوە، ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا کرد، کە دوای تەقینەوەکە هاوکارییان بۆ لوبنان ناردووە، بەڵام هیچ ئاماژەی بە هاوکارییەکانی عێراق نەکرد.