گەشتوگوزاری سۆران: هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەکە دیاری نەكراوە

بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، نزیكەی دوو هەفتەیە شوێنە گەشتیارییەكانی دەڤەری سۆران بەڕووی گەشتیاراندا داخراون. لەمبارەوە بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەپێناو كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە شوێنە گشتییەكان، نزیكەی دوو هەفتەیە سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان بەڕووی هاووڵاتیان و گەشتیاراندا داخراون و هەر خاوەن سەیرانگەیەك پەباندی ئەو بڕیارە نەبێت، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە”. بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئەوەشی ئاشكرا كرد: “هیچ وادەیەك بۆ كردنەوەی سەیرانگەو شوێنە گەشتیارییەكانی سنوورەكەمان دیاری نەكراوە و بۆ كردنەوەی ئەم شوێنانە، چاوەڕوانی ڕەزامەندیی سەرووی خۆمانین”.