برا بچووکەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتەکەیدا، کۆچی دوایی کرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 16-8-2020، ماڵپەڕی (CNN) بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆچی دوایی رۆبێرت ترەمپی برا بچووکی خۆی، راگەیاندووە و گوتویەتی، رۆبێرت ”هەر تەنیا برام نەبوو، بەڵكوو باشترین هاوڕێشم بوو“. رۆبێرت ترەمپ لە درەنگانی شەوی شەممە 15-8-2020 لە نەخۆشخانە لە تەمەنی 72 ساڵیدا گیانی لەدەست داوە. هەروەها ترەمپ دەڵێت: ”زۆر بیری دەكەم، تا هەتایە بیرەوەرییەكانی لە دڵمدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە“. ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ بوو رۆبێرت ترەمپ لە نەخۆشخانە خەوێندرا بوو و ڕۆژی هەینیی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ دوای سەردانی براکەی، لە دەرەوەی نەخۆشخانە بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، كە برا بچووكەكەی بە كاتێكی قورسی ژیانیدا تێدەپەڕێت. پێشتر میدیاكانی ئەمریکا بڵاویان كردبووەوە، كە براكەی ترەمپ بە قورسی نەخۆشە، بەڵام جۆری نەخۆشییەكەی ئاشكرا نەكراوە. ڕۆبێرت ترەمپ لە 1948 لەدایكبووە، یەكێك بووە لە هاوبەشە سەرەكییەكانی ئیمپراتۆریەتی بازاڕی خانوبەرەی خانەوادەی ترەمپ و یەكێك بووە لە بەرگریكارە سەرسەختەكان لە دۆناڵد ترەمپ.