دوو سەركردەی ڕەوتی سەدر لەسەر گەندەڵی حەفت ساڵ زیندانی دەكرێن

ئەمڕۆ یەكشەممە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە دوو سەركردەی ڕەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لەسەر تێوەگلان لە گەندەڵی و بردنی پارەی دەوڵەت بۆ ماوەی حەفت ساڵ زیندانی دەكرین. بە پێی میدیاكانی عێراق، فەیسەڵ عەبدولئەئیمە جێگری پێشووی سەرۆكی دەزگای شەهیدانی رەوتی سەدر و فارس عومەر ئەندامی پێشووتری ئەنجوومەنی چاودێریی هەمان دەزگا، لەسەر بردنی پارەی دەوڵەت حوكمی زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا. پێشتر دەستەی نەزاهەی فیدراڵی رایگەیاندبوو كە حوكمی زیندانیكردن بەسەر دوو سەركردەی رەوتی سەدردا دەسەپێنن، بە هۆی زیاندان لە دارایی گشتیی دەوڵەت بە بڕی زیاتر لە حەفت ملیار دیناری عێراقی. هەردوو تاوانبارەكە بە حەفت ساڵ زیندانی سزا دراون، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونیان لەبەردەم دادگا، هێشتا كەسیان زیندانی نەكراون. جێی باسە عێراق لە ڕیزبەندی یەكەمەكانی وڵاتانی جیهانە لە ڕووی بەرزی ئاستی گەندەڵییەوە.