ڕێکەوتی 7/8/2020 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی لەبارەی عێراق بەگشتی ئاراستەی لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ کردووە، لەم راپۆرتەدا دەربارەی رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و بەرلەوەی لیژنەی ناوبراو راپۆرتی خۆی لە نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەش بکات لە تشرینی دووەمی 2020 وردەکاریی خستووەتە روو. لەو پەیوەندییە ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.8.16 نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هەمان راپۆرت بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختی کردووەتەوە: “پێویستە راپۆرتەکانی هیومان رایتس وۆچ زیاتر واقعی بن و پشت بە بەڵگەی دروست و بابەتیانە ببەستن”. لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “بەو پێیەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، پێویستە دیدێکی واقعیانەی دەربارەی رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت لە هەموو روویەکەوە و ئەو هەنگاوانەی کە لە بواری حوکمڕانی بەدی هاتوون لەبەرچاو بگرێت. هەروەها ئەو لێدوان و روونکردنەوانە بە هەند وەربگرێت کە لە حکوومەتی هەرێمەوە دەردەچن یان راستەوخۆ ئاراستەیان دەکرێن”. دەقی بەیاننامەکە: هیومان رایتس وۆچ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک ئاراستە کار دەکەن و ناکرێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان وا وێنا بکرێت کە لە دیوێکی هەڵەدایە سەبارەت بە پابەندبوون بە بەها نێودەوڵەتییەکان، چونکە حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لە بوونی چالاکوانان دەکات و هەماهەنگییان لەگەڵدا دەکات لەو رووەوە، هەروەها ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت و ئازادن لە دەربڕینی بیروڕا و رەخنەکانیان و هانی گفتوگۆ دەدات لەگەڵیان. لەم سونگەوە پێمانوایە پێویستە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ پابەند بێت بە بنەما سەرەکییەکان وەک پشت بەستن بە زانیاری راست و دروست و واقعی لە راپۆرتەکانیدا بەتایبەتی دەربارەی ئەنجامدانی پێشێلکارییەکان. پێویستە ئاماژە بەو یاسا و رێنماییانە بکرێت کە لە هەرێمی کوردستان دەرچوونە و حکومەت پێوەی پابەندە لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە کاتێکدا راپۆرتەکە باس لە دەستگیرکردنی زۆرەملێ و ئەشکەنجەدان دەکات، حکومەتی هەرێم ئەم دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە، چونکە دامودەزگا ئەمنییەکان بەپێی فەرمانی دادوەر و رێوشوێنی یاسایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گومانلێکراوان دەستگیر دەکات و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. بەو پێیەی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بە ئازادی لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، پێویستە دیدێکی واقعیانەی دەربارەی رەوشی هەرێمی کوردستان هەبێت لە هەموو روویەکەوە و ئەو هەنگاوانەی کە لە بواری حوکمڕانی بەدی هاتوون لەبەرچاو بگرێت. هەروەها ئەو لێدوان و روونکردنەوانە بە هەند وەربگرێت کە لە حکومەتی هەرێمەوە دەردەچن یان راستەوخۆ ئاراستەیان دەکرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پابەندبوونی خۆی بە بنەما و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دووپات کرۆدتەوە و ئامادەیی گشت هاوکاری و هەماهەنگییەکە لەو رووەوە. پێویستە ئەو راپۆرتانە لەلایەن هیومان رایتس وۆچ و رێکخراوەکانی دیکەوە دەردەچن زیاتر بابەتی بن، چونکە بەشێک لە راپۆرتەکان بە ئاشکراو بە بێ بوونی بەڵگەی درووست بڵاو دەکرێنەوە، هیوادارین هیومان رایتس وۆچ گۆڕانکاریی ورد و قووڵ بە راپۆرتەکەیاندا بکەن بە جۆرێک کە زیاتر واقعی بێت و پشت بە بەڵگەی درووست و بابەتیانە ببەستێت. نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان 16/8/2020