د.بەشیر حەداد ناوه‌ڕۆكی رێكه‌وتنه‌كەی مه‌سرور بارزانی و مسته‌فا كازمی ئاشكرا ده‌كات

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە د.بەشیر حەداد جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان مەسرور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مستەفا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، چه‌ند بڕیارێك دراوه‌. حه‌داد لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە كەناڵی “كوردستان24″ی راگەیاند یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی نێوان مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌وه‌ بووه‌ كە تا په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن، به‌غدا له‌ ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌ كە شه‌وی رابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا مه‌سرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لەسەر چەند ھەنگاوێکی سەرەکی بەرەو چارەسەركردنى کێشەکان رێکەوتن. له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا بڕیار درا كە بەپێی دۆخی دارایی ئێستای عێراق، لە نزیکترین کاتدا گوژمەی 320 ملیار دینار وەك بەشە مووچەیەك لە بەغداوە بۆ ھەرێم بنێردرێت. لەم پەیوەندییەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە دەستووری عێراق بنەمای چارەسەریی ھەموو کێشەکانە، ھەر رێککەوتنێک، دەبێت رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەرژەوەندیی گشت گەلانی عێراق بکات. ھەردوولاش ئاماژەیان بە پێشڤەچوونی رەوتی دانوستانەکان کرد، کە بەرھەمی دانوستانی چەندین مانگی شاندە دانوستانکارەکانی ھەردوولا بوو.