ئەمڕۆ یەكشەممە گۆڤاری “فۆریێن پۆڵەسی” كە تایبەتە بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتێكدا پرسیاری خستووەتە سەر تواناكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ زاڵبوون بەسەر تەگەرەكانی بەردەم حكوومەتەكەی و نووسیویەتی كازمی ناتوانێ بەبێ رەزامەندی حزبە سیاسییەكان هیچ هەنگاوێك بنێت. لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە مستەفا كازمی بە ئومێدی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، میلیشیا چەكدارەكان و هەژموونی دەرەكی حكوومەتەكەی دامەزراند، بەڵام لە زەمینەی واقیعدا ڕووبەڕووی تەگەرەی زۆر بووەتەوە. راپۆرتەكەی فۆریێن پۆڵەسی لەلایەن ناتالی بۆسمەیكەر نووسراوە و ئاماژە بەوە دەكات كە ئەگەرچی شەقامی عێراقی بۆ ماوەیەكی كورت ئومێدیان بە كازمی هەبوو، بەڵام هێندەی پێنەچوو سەرۆك وەزیرانە نوێیەكەیان بینی كەوتووەتە بەردەم چەند ئەركێكی قورس، لە ناویشیاندا دروستكردنی هاوسەنگی لەنێوان پەیوەندییەكانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و تاران، جگە لە دۆسیەی گەندەڵی و میلیشیا توندئاژۆ شیعیەكان و پەتای كۆرۆنا. فۆریێن پۆلەسی راپۆرتێكی رۆبەرت فۆرد دیبلۆماتكاری ئەمریكی و جێگری پێشووی باڵوێزی ئەمریكا لە عێراقی وەبیرهێناوەتەوە، كە لەبارەی كازمییەوە نووسیویەتی ئەو سەرۆك وەزیرانێكی بێ پشتیوانە، بنكەیەكی سیاسیی تایبەت بە خۆی نییە، بەردەوام دەبێ پشت بە هێزە سیاسییەكانی تر ببەستێت. راپۆرتەكەدا باسی لە سێ كارتێكەری گەورە كردووە كە دەبنە هۆی شكستی كازمی، یەكەمیان دژایەتیكردنیەتی لەلایەن هاوپەیمانی ئەلفەتحەوە، كە دووەم فراكسیۆنی پەرلەمانە، ئەوان بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ كازمی راگەیاندووە، بە تایبەتی لەبارەی خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. هەروەها پەتای كۆرۆناشی بە كارتێكەرێكی گەورە لەسەر حكوومەتەكەی كازمی وەسف كردووە و پێیوایە حكوومەتەكەی ناتوانێ ڕووبەڕووی ئەم تەنگژەیە ببێتەوە و ئەمەش دەبێتە یەكەم گەورەترین شكستی كابینەكە. بۆ هۆكاری سێیەمیش ئاماژەی بەو میلیشیا شیعیە بەهێز و هەژموونانە كردووە كە دان بە دەسەڵاتەكانی كازمیدا نانێن و هەرچی بیانەوێ لە عێراقدا ئەنجامی دەدەن و حكوومەتی بەغدا هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر ئەو میلیشیایانەدا نییە.