لەبارەی خانووە پلاستیکییەکانەوە داواکارییەک دەدرێتە حکوومەت

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند لەڕێگەی بەرنامەیەکەوە دەیانەوێت بە درێژایی ساڵ خانووە پلاستیکییەکان کە ژمارەیان زیاتر لە ٢٣ ھەزار خانووە، بەرھەمیان ھەبێت. حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە ھەرێمی کوردستان ٢٣ ھەزار و٥٠٠ خانووی پلاستیکی ھەیە کە لەلایەن جووتیارانەوە زیاتر بەروبومی سەوزەیان لێ بەرھەم دەھێندرێت و بەھۆیەوە بەشێکی زۆری پێویستی ناوخۆیان بەو بەرھەمانە پڕ کردووەتەوە”. گوتیشی: “خواستێکی زۆر لەسەر درووستکردن و زیادکردنی خانووە پلاستیکییەکان ھەیە کە ئێمە لەو ڕووەوە ئاسانکارییان بۆ دەکەین و ڕێنمایی پێویستیان پێ دەدەین”. حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بەوەش دا: “زۆربەی ئەو خانووە پلاستیکییانە تەنھا لە وەرزی گەرمادا بەروبومیان ھەیە و بەھۆی ئەوەی کە لە وەزری سەرمادا ئەو خانووانە سووتەمەنییان پێویستە و نرخەکەشی گرانە و جووتیاران زەرەرمەند دەبن، دەست لەکار ھەڵدەگرن و لەو کاتەدا بەرھەمیان نییە”. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرای کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، داوایەکیان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان  کە لە وەرزی زستاندا مانگانە بۆ ھەر خانوویەکی پلاستیکی بڕی (٥٠ لیتر) گاز بە نرخی ھەرزان بدرێتە خاوەن خانووەکان بەو مەرجەی جووتیارەکە خانووەکە بە سەوزە دابچێنێت کە ئەوەش وا دەکات بە درێژایی ساڵ بەروبومی سەوزەی ناوخۆمان ھەبێت.