وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ژمارەیەک فەرمانبەری دەرکرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستی تەندروستی گەرمیانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەرکرد. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و واژۆی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە و تێیدا بڕیاردراوە بە خەرجکردنی بڕی ٤٨ ملیۆن و ٨٥٠ هەزار دینار مانگانە بۆ ١٢٨ فەرمانبەری گرێبەستی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان لە رێکەوتی ١ی١ی٢٠٢٠ەوە تاکو ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٠. ئاماژەوە بەوەش کراوە، کە ئەم بڕە پارەیە لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی بەرێوەبەرایەتی گستی تەندروستی گەرمیان بەشێوەی نەقدی و راستەوخۆ لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گەنجینەی گەرمیانەوە خەرج دەکرێت، بەمەرجێک گۆڕانکاری لە ناو و مووچەکانیان نەکرێت. هەروەها د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، لەمبارەیەوە رایگەیاندووە: “پاش ئەوەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەستمان کێشەی ھەبووە و دوادەکەوت، خۆشبەختانە دوای ئاراستەکردنی نوسراو بۆ وەزارەتی تەندروستی و لەوێشەوە بۆ وەزارەتی دارایی، کێشەکە بە تەواویی چارەسەر کرا و لەمساڵدا لەکاتی ھاتنی مووچەدا بە پێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان، مووچەکانیان وەردەگرن و دواناکەوێت لە کاتی وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەمیشەیی”.