پڕۆژەی هێلکاری و دانانی هێماکانی هاتوچۆ لە رێگای هەولێر – کۆیە جێبەجێ دەکرێ

بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند کە وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی هێلکاری و دانانی هێماکانی هاتوچۆ لە رێگای هەولێر- کۆیە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی ترافیکلایتەکانی شارەکە جێبەجێ دەکرێ. عەقید زاهیر محەمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی کۆیە، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “لە ماوەی ڕابردوودا ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە نووسراوێکی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کرد سەبارەت بە هێڵکاری و دانانی ترافیک لە سنووری کۆیە، لە بەرامبەردا وەزیری ناوخۆ ڕەزامەندی لەسەر داواکارییەکانمان دەربڕی”. گوتیشی: ” دوای نۆژەنکردنەوەی ڕێگای نێوان هەولێر – کۆیە، رێگاکە پێویستی بە هێڵکاری دانانی هێما و هێڵکاری و بەربەستی راگر هەبوو، رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیەش دراوە هەروەها لە ناو سەنتەری شاری کۆیە ئەو ترافیکانەی هەن زۆر کۆنن و پێویستیان بە گۆڕین هەیە، لە ناحیەی تەقتەقیش هیچ ترافیکێکمان نییە لەگەڵ ئەوەی کە پێویستیشە بۆ یەکەمجارە دەمانەوێت ترافیکی لێ دابنێین ئەمەش هەموو لە چوارچێوەی پڕۆژەکەیە”. جەختیشیکردەوە، ئەو پڕۆژەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدان دروستدەکرێت و لە بەیانیەوە دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کە وابڕیارە ماوەی سێ مانگ بخایەنێت. ڕاشیگەیاند: “سوودەکانی ئەو پڕۆژەیە ئەوەیە ئەو ڕێگایانە هیچ هێما و هێڵکارییەکیان لەسەر نەبوو دوای نۆژەنکردنەوەیان، بەتایبەت لە وەرزی باران باریندا ئەو ڕێگایە ناتوانرێت جیا بکرێتەوە و ئەو هێڵە سپیانە و ئەو هێمایانە هاوکاری شۆفێران دەکەن کە بەشێوەیەکی تەندروست شۆفێری بکات و هاوکات هۆکارێکیشە بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو ڕێگایە”.