بابەکر زێبارى: تیرۆریستانی داعش زۆرترین کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکان ئەنجام دەدەن

بابەکر زێبارى شارەزاى بوارى سەربازى رایگەیاند زۆربەى چەکدارانى تیرۆریستى داعش سوننە مەزهەبى عێراقین، بە ئامانجى شێواندنى بارى ئەمنىی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو سنوورانە ئەنجام دەدەن. فەریقى یەکەم بابەکر زێبارى راوێژکارى سەربازى سەرۆکى هەرێمی کوردستان و شارەزاى بوارى سەربازى بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بەئامانجى تێکدانى دۆخى ئەمنیی ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و بڵاوکردنەوەى ترس و دڵەڕاوکێ لاى دانیشتووانی ئەو ناوچانە، چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش ئێستا زۆرینەى جموجۆڵ و کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو ناوچانە ئەنجام دەدەن، بۆ ئەوەى ناوچەکە جێبهێڵن”. راشیگەیاند: “ئێستا زۆرینەى چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستى داعش عێراقین بە جۆرێک سەتا 95 بۆ 98یان سوننە مەزهەبن، بۆیە شارەزاى تەواویشیان لەو ناوچانە هەیە و بە ئارەزووى خۆیان هاتوچۆ دەکەن و پیلانە تیرۆریستییەکانیان جێیەجێ دەکەن”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بەشێک لەو چەکدارانەى ئێستا لە ریزى داعشن عەرەبى هاوردەن و کاتى خۆى لە هەڵمەتى بەعەرەبکردنى ناوچە کوردستانییەکان هاتوونەتە ناوچەکە، بەڵام دواى نەمانى پێشمەرگە لەو ناوچانە دووبارە عەرەبە هاوردەکان گەڕانەوە و بوونە داعش، ئەمانە خەڵکێکى شۆڤێنى داخ لە دڵن و مەبەستیانە رێژەى کورد لەوناوچانە کەم بێتەوە”.