بەرپرسێکی ئەمریکی باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل دەکات

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی باسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل دوای ئیمارات، دەکات. رۆبێرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بە کەناڵی (NBC)ی راگەیاندووە، ئیدارەی وڵاتەکەی دڵنیایە چەندین وڵاتی دیکە دەیانەوێ هاوشێوەی ئیمارات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە. رۆبێرت ئۆبراین هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر هەیە سعودیە دوای ئیمارات، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە. رۆژی پێنجشەممە 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.