خاوەن گرێبەستەکانی کڕینی خانوو لە پڕۆژەی وەرین ستی لە شاری هەولێر داوای خانووەکانیان دەکەن و دەستەی وەبەرهێنانیش روونکردنەوە دەدات. ئەمڕۆ دووشەممە 17-8-2020، خاوەن خانووەکانی پڕۆژەی وەرین ستی، کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە، لەبەردەم دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان گردبوونەوەیەکیان ساز کرد. خاوەن خانووەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، کە ماوەی حەوت ساڵە پڕۆژەکە تۆمارکراوە و پارەی خانووەکانیان داوە و بەپێی گرێبەستەکە دەبوایە خانووەکان لە ماوەی دوو ساڵدا ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێن، بەڵام خانووەکان دروست نەکراون. لەوەڵامی ئەو هاووڵاتییانە، موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی بەڵێندەر و خاوەن پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەماوەی ڕابردوودا، 120 پڕۆژەی وەبەرهێنان لەو کۆمپانیایانە وەرگیراوەتەوە و ”ئێستاش سەرقاڵی ئەوەین پڕۆژەکان ڕادەستی کۆمپانیای دیکە بکەین“. لەبارەی پڕۆژەی وەرین ستیشەوە، موخلیس سەلیم رایەگیاند، پڕۆژەکە لە کۆمپانیای یەکەم وەرگیراوەتەوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە و ئەو کۆمپانیایەش ناچار کراوە بڕی هەشت هەزار و 500 دۆلار بۆ خاوەن خانووەکان بگێڕێتەوە و 500 یەکەی نیشتەجێبوونیش لە شێوەی شوقە بۆ خاوەن گرێبەستەکان، دروست بکات.
دەستەی وەبەرهێنان: زیاتر لە 120 پڕۆژەمان هەڵوەشاندووەتەوە
