شارەزایەکی کەشناسی: مەترسییەكی گەورە لەسەر ئیستانبۆڵ هەیە

ئەمڕۆ ١٧_٨_٢٠٢٠ توركیا یادی ٢١ ساڵەی بوومەلەرزەكەی ئیستانبۆڵ دەكاتەوە، كە زیاتر لە ١٧ هەزار كەسی كوشت، پرۆفیسۆرێكی بواری بوومەلەرزەش دانیشتوانی ئیستانبۆڵ لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار دەكاتەوە، كە بوومەلەرزەیەكی گەورە بە رێژەی ٧.٥ بەڕێوەیە و ئیستانبۆڵیش خۆی بۆ ئەو بوومەلەرزەیە ئامادە نەكردووە. پڕۆفیسۆر محەممەد فاتیح ئاڵتان، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی (دۆغان خەبەر)ی توركی، دەڵێت گوێم لە دەنگی پێی بوومەلەرزەیە لە ئیستانبۆڵ، بەڵام بەداخەوە حكوومەت خۆی بۆ ئەو رۆژە ئامادە نەكردووە، بۆیە ئەگەر زۆرە ئەو بوومەلەرزەیە ٢٠٠ هەزار كەس لە ئیستانبۆڵ بكوژێت. ئەو پێی وایە، بوومەلەرزەكە بە رێژەی ٧.٥ دەبێت، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ شارێكی گەورەی وەكوو ئیستانبۆڵ. ئەو دەڵێت: “دەبێ توركیا خۆی بۆ بوومەلەرزە ئامادە بكات، تا زیانی پێ نەگات. راستە بوومەلەرزە هەموو كات روو نادات، بەڵام لە باشووری ئەنادۆڵ و هێڵی فای بۆ توركیا زۆر گرنگە، چونكە پێشتر لەسەر ئەو هێڵە بوومەلەرزە رووی داوە و ئێستاش هەر بەردەوام لەسەر هەمان هێڵ مەترسیی بوونی بوومەلەرزە لەسەر ئیستانبۆڵ هەیە”. لە بەشێكی تری قسەكانیدا داوا لە دەسەڵاتدارانی توركیا دەكات، كاتێك باڵاخانەیەك دروست دەكەن، دەبێت بیر لەوە بكەنەوە لە توركیا و لە هەموو ناوچەیەكی ئەو وڵاتە بوونی بوومەلەرزە بەهێزە، بۆیە دەبێت كەرەستەكان كوالێتی بەرز بێت و دژە بوومەلەرزە بێت. ئەو پرۆفیسیۆرە باس لەوەش دەكات، زۆربەی ئەو باڵاخانانەی بۆ نێشتەجێبوونن و لە ئیستانبۆڵ بەرلە ساڵی ٢٠٠٠ دروست كراون، هیچیان حیسابی بوومەلەرزەیان بۆ نەكراوە، ئەگەر بوومەلەرزە روو بدات، كارەسات روو دەدات و ئەو باڵاخانانە دەڕووخێن، بۆیە دەڵێت ئەگەر ئەو باڵەخانانە نۆژەن نەكرێنەوە، ئەگەر بوومەلەرزە لە ئیستانبۆڵ بدات، ٢٠٠ هەزار كەس دەمرێت.