بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی نەغەدە کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە گرتووخانەی ناووەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. بەپێی هەوڵی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2020.8.17 حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بە ناوی “ئەرسەلان یاسینی” تەمەن ٣٢ ساڵ لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا. ئەرسەلان یاسینی خەڵکی نەغەدە بووە و ١٢ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی داپیرە و باپیری خۆی دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە 10 هاووڵاتیی کورد لەسێدارە دراون. ببەپێی هەمان سەرچاوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020 دا 24٪ی کۆی ئەو کەسانەی لە ئێران لەسێدارە دراون، کورد بوون.
هاووڵاتییەکی کورد لە گرتووخانەی ورمێ لەسێدارە درا
