ئەفغانستان.. 14 مووشەک ئاراستەی چەند ناوچەیەکی کابول کران

ئەمڕۆ لە کاتی ڕێوڕەسمی جەژنی 101 ساڵەی سەربەخۆیی ئەفغانستاندا، لە دوو ناوچەی جیاوازەوە 14 مووشەک ئاراستەی چەند شوێنێکی شاری کابول کراون. بەپی زانیاریی میدیاکانی ئەفغانستان، تارق ئارین گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە ئاشکرای کردووە کاتژمێر 9:35 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 2020.8.18 لەڕێگەی دوو ئۆتۆمبێلەوە 14 مووشەک ئاراستەی چەند ناوچەیەکی کابول پایتەختی ئەفغانستان کراون”. باس لەوە دەکرێت مووشەکەکان لە ناوچەکانی هەشت و ١٧ی کابولەوە ئاراستەی ناوچەی شارەوانییەکانی “یەکەم، دووەم، شازدەیەم و نۆیەم” کراون کە زۆربەی مووشەکەکان بەر خانووی هاووڵاتیان کەوتوون و لەو ڕووداوەدا 10 ژن و منداڵ بریندار بوون. کۆشکی سەرکۆماری، وەزارەتی بەرگری، بانکی ناوەندی، باڵوێزخانەی ئەمریکا، بنکەی فەرماندەیی هێزەکانی ناتۆ لە ئەفغانستان و بەشێکی زۆر لە وەزارت و کۆنسوڵخانە و ناوەندە دیپلۆماتیکەکان لەو ناوچانە هەڵکەوتوون کە هێرشیان کراوەتە سەر. باس لەوە دەکرێت ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە, کە محەمەد ئەشرەفی غەنی، سەرکۆماری ئەفغانستان لەناو وەزارەتی بەرگریی لە ڕێوڕەسمی یادی سەربەخۆیی وڵاتدا سەرقاڵی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر هێمای سەربەخۆیی  بووە. بە گوتەی تارق ئارین هەتا ئێستا دوو کەسی گومانلێکراو لەو پەیوەندییەدا دەستگیر کراون ڕێوڕەسمی یادی 101 ساڵەی سەربەخۆیی ئەفغانستان لە تەلەفزیۆنی فەرمییەوە ڕاستەوخۆ بڵاو دەکرایەوە کە ئەو مووشەکانە ئاراستە کراون و بەو بۆنەوە ڕاستەوخۆکە راگیراوە. پێشتر تەلەفزیۆن ئاشکرای کردبوو کە سەرکۆمار بڕیارە لەو ڕێوڕەسمەدا گوتارێک پێشکەش بکات.