بەرپرسی گرووپی نەوەی نوێ لە سۆران دەستی لەكار كێشایەوە

  بەرپرسی گرووپی نەوەی نوێ لە شاری سۆران، دەست لەكار كێشانەوەی لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕاگەیاند. چیا تاهیر، بەرپرسی نەوەی نوێ لە سنووری شاری سۆران، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەبسبوو) نامەی دەست لەكاركێشانەوەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧ەوە وەك خۆپەخشێك پەیوەندی بە نەوەی نویوە كردووە و لە سۆران، ڕەواندز و چۆمان كاری كردووە. هاوكات باسی لەوە كردووە كە دەست لەكاركێشانەوەكەی ”دوور لە هەموو فشارێك“ و خۆی گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی كە دەست لەكار بكێشێتەوە و رەتیشی كردووەتەوە كە لەگەڵ هیچ حزبێكدا كار بكات. دەشڵێت: ”ئامانجی من پارە و پۆست نەبووە“. دەشڵێت: ”كه‌سایه‌تیی مرۆڤ زۆر جوانتره‌ له‌ پاره، پاره‌ چڵكی ده‌سته‌ و په‌یدا ده‌بێ، به‌ڵام كه‌سایه‌تیی مرۆڤ پاره‌ نییه‌ په‌یدای بكه‌یت، كه‌سایه‌تیی مرۆڤ ئه‌گه‌ر له‌كه‌داربوو، به‌ ئه‌سته‌م ڕاست ده‌بێته‌‌وه‌“. داوای لێبووردنیشی لە هاوڕێیانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كردووە ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان بە پۆستێك یان كۆمێنتێكی ئەو دڵیان ڕەنجابێت. هەرچەندە بەرپرسەكەی نەوەی نوێ ئاماژەی بە هیچ هۆكارێك لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەكەی نەداوە، بەڵام ئەمە یەكەمین بەرپرسی نەوەی نوێ نییە دەست لەكار دەكێشێتەوە و پێشتریش چەندانجار بەرپرسانی ئەو گرووپە و تەنانەت ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراقیش دەستیان لەكار كێشاوەتەوە و بەشی زۆریشیان هۆكارەكەیان بۆ ناشارەزایی و تاكڕەویی و خراپیی ڕەفتاریی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی گرووپی نەوەی نوێ گێڕاوەتەوە.