بەغدا مووچەی كارمەندێكی كوردی پۆلیسی ئیتیحادی دەبڕێت كە داعش بە دیل گرتوویەتی

كارمەندێكی كوردی پۆلیسی ئیتیحادی لە لایەن چەكدارانی داعشەوە چەند ساڵێكە لە لایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بە دیل گیراوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە، باوكیشی گازاندەی ئەوە دەكات كە ساڵێك و شەش مانگە بەغدا مووچەی كوڕەكەی بڕیوە. جەلال محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە نووسینێكدا كە لەگەڵ چەند وێنەیەك بۆ (باسنیوز)ی ناردووە، ئاماژە بەوە دەكات كە شەوی ڕابردوو سەردانی مەڵبەندی تەندروستیی ئاسوودەی لە چەمچەماڵ كردووە و پاش ئەوەی زانیویەتی یەكێك لە تووشبوانی كۆرۆنا كە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرد دەژی، داوای چوونە دەرەوە لە نەخۆشخانەكە دەكات، سەردانی نەخۆشەكەی كردووە. ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كردووە كە نەخۆشەكە كەسێكی بە تەمەنە بە ناوی مام عەلی و كوڕەكەی بە ناوی (ئاكۆ) كارمەندی پۆلیسی ئیتیحادیی عێراق بووە و لە لایەن چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە چەند ساڵێكە بە دیل گیراوە، هەرچەندە هێشتا دڵنیا نییە كوڕەكەی شەهیدكراوە یان لە ژیاندا ماوە، بەڵام ساڵێک و شەش مانگە حكوومەتی ئیتیحادیی عێراق مووچەی كوڕەكەی بڕیوە لە كاتێكدا چوار منداڵ و هاوسەری هەیە و مام عەلی خۆی كاریان بۆ دەكات. پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەڵێت، مام عەلی گوتی: ”دەمەوێت لێرە بڕۆم تاوەکو لە ناو منداڵە بچووکەکانی کوڕەکەم بمرم، چونکە بەڵێنم پێ داون تا دەمرم خزمەتیان بکەم و خۆم بیانژیێنم، ئێستا من نەبم کێ بژێویی ژیانی ئەوان دابین دەکات؟“. باوكی كارمەندەكەی پۆلیس داوای لە بەرپرس و نوێنەرانی كورد كردووە، هەوڵی گەڕاندنەوەی مافەكانی كوڕەكەی بدەن تاوەكوو منداڵەكانی بتوانن پێی بژین. وێنەی مام عەلی لە كاتی وەرگرتنی چارەسەر لە مەڵبەندی تەندروستیی ئاسودە