بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن، هەڕەشەی ”شەڕێکی کراوە“ لە دژی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکەن. محەمەد عەلی حوسی، سەرکردەی دیاری حوسییەکان بە کەناڵی (جەزیرە)ی قەتەری راگەیاندووە، دانوستاندنەکانیان لەگەڵ سعودیە گەیشتوونەتە قۆناغی بنبەست. محەمەد عەلی حوسی سعودیە و ئیماراتی بە رێگریکردن و دانانی لەمپەر بۆ ئاشتی لە یەمەن تۆمەتبار کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەوان ئاشتییان بۆ یەمەن ناوێ، بەڵکو لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت دەبنەوە“. ئەو سەرکردەیەی حوسییەکان پێیوایە سعودیە بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ئەوان و ئێستا هیچ دانوستاندنێکیش لە ئارادا نییە. محەمەد عەلی حوسی ئاماژەی بە هەڵگیرساندنی ”شەڕێکی کراوە“ لەگەڵ سعودیە کرد، ”ئەگەر سعودیە لە دوژمنایەتیی حوسییەکان بەردەوام بێت“. حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات. لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.