دوای 15 ساڵ.. بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی رەفیق حەریری دەدرێت

دوای 15 ساڵ لە تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان، بڕیاری کۆتایی لەبارەی کەیسەکە دەدرێت. چوار هاووڵاتیی لوبنانی، کە ئەندامی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانین، بە ناوەکانی سەلیم عەیاش، حەسەن مەرعی، حوسێن عەنیسی و ئەسەد سەبرا بە ئەنجامدانی تەقینەوەکەی رۆژی 14-2-2005 تۆمەتبار کراون، کە تێیدا بڕی یەک تۆن و 800 کیلۆگرام ماددەی تی ئێن تی تەقێندرایەوە. لە ئەنجامی تەقینەوەکەدا، رەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان و 21 کەسی دیکە گیانیان لە دەست دا و ژمارەیەکی زۆرتر بریندار بوون. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 18-8-2020، دادگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە کەیسی تیرۆرکردنی رەفیق حەریری، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری لوبنان، لە لاهای هۆڵەندا، بەشێوەی نەهاتوو (غیابی) بڕیاری کۆتایی لەبارەی تۆمەتبارەکان بدات. دادگاکە لە ساڵی 2009 لەسەر داواکاریی لوبنان لە دادوەرانی لوبنانی و نێودەوڵەتی پێک هات و بە یاسای لوبنانی، ئەو چوار تۆمەتبارەی دادگایی کرد. رەفیق حەریری (لەدایکبووی 1944)، سەرکردەیەکی باڵای سوننەکانی لوبنان و پیاوێکی خاوەن کاری ناسراوی ئەو وڵاتە بوو. رۆژی 14-2-2005 بە تەقینەوەیەک لە بەیرووت، کوژرا. رەفیق حەریری، کەخاوەن رەگەزنامەی لوبنانی و سعودی بوو، لە ساڵانی (1992 – 1998) و (2000- 2004) سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو.