دووکان.. بەھۆی ئاگرکەوتنەوە نزیکەی 100 دۆنم پووش و پاوان سووتا

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕای گەیاند بەھۆی شۆرتی کارەبا لە گوندێکی شارەدێی سورداش لە سنووری قەزای دووکان ئاگر کەوتووەتەوە و بەو ھۆیەوە نزیکەی 100 دۆنم پووش و پاوانی سنوورەکە سووتا. ھێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 2020.8.18 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “لە سنووری گوندی (پێدارە)ی شارەدێی سوورداشی سەر بە قەزای دووکان، بەھۆی شۆرتی کارەباوە ئاگرێکی فراوان کەوتەوە و دوای ڕوداوەکە دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپان گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و بە ھاوکاریی ھەریەکە لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی سوورداش و دووکان و ئاسایشی سوورداش، توانیان ئاگرەکە بکوژێننەوە و کۆنترۆڵی بکەن”. گوتیشی: “بەپێی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، نزیکەی 100 دۆنم لە پووش و پاوان و دارستانی سروشتیی ناوچەکە سووتاوە و بەو ھۆیەوە زیان بەر ھاووڵاتییان و ژینگەی ناوچەکە کەوتووە”. ھێمن کەمەرخان ئاماژەی بەوەش دا کە ئێستا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە ھۆکاری ڕوداوەکە دەستی پێ کردووە.